دەگوترێ کە ئێستگەکانی شەمەندەفەر لە ستۆکهۆلم درێژترین شوێنی پیشاندانی کاری هونەرین لە جیهان بەوەی لە کۆی ١٠٠ ئیستگە, ٩٠یان نەخشێنراون کە دەکاتە نزیکەی ١١٠ کیلۆمیتەر وە لەلایەن ١٥٠ هونەرمەند کارەکان ئەنجام دراون, کاتی نەخشاندنیان دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای ١٩٥٠-٢٠٠٠, ئەوەی جێی ئاماژە پێدانە نەخشی هەر ئێستگەیەک مانادارە و باس لە رووداوێکی سیاسی یا رووداوێکی کۆمەڵەگەی سویدی دەکەن.
تێڕوانینی من بۆ جوانی ئەم بیرۆکە نمونەییە ئەوەیە لە کاتی چاوەڕوانی دەتوانی چاو بگێری لەم کارانەو سودی لێ وەربگریت, جگە لەوەش جاری واهەیە تێڕوانین لەم کارە هونەریانە ئارامی بەخشیشە. یەکێ لە جوانترین ئێستگەکان هی سۆڵنایە کە ئاسمانێکی سوورە لەگەڵ دارستانێک کە بە سپرای سەوزێکی تۆخ نەخشێنراو. ئەمە لەلایەن هونەرمەندان ئەندرێس ئۆبێری و ئولاڤ بیۆرک ئەنجام دراوە لە ساڵی ١٩٧٥ لەو کاتەی سوید لە بەرزترین ئاستی پیشەسازی بوو. ئەم کارە رەنگدانەوەی ئەو کێشە رامیاریانە بوو لە ساڵانی ١٩٧٠-٧٤ سەری هەڵدابوو تایبەت وێران کردنی ژینگە بەهۆی زیادبوونی شوێنە پیشەسازییەکانەوە بوو.
ئەمڕۆ بڕیارم دا سەردانی هەر ٩٠ ئیستگە بکەم و وێنەیان بگرم, دەستم پێ کرد لە سۆڵنا. دوو کێشە روویدا, یەکەم کێشە کاتێکی نەگونجاو بوو نزیکەی کاژێر ٤ بوو ئەمەش کاتی گەڕانەوەی خەڵکیە بۆ ماڵەوە لەسەر کار وە کە دابەزیم چەند وێنەیەکم گرت بەڵام لەبیرم چوو بوو کە لێنسی کامێرەکەم روویەکی فراوان بەدەرناخات بۆیە ناچار بڕیارم دا بگەڕێمەوە ئەمەش کێشەی دووەم. لەناو شەمەندەفەر بووم کاتێ یوریکا مۆمێنت هات بە خەیاڵم( یوریکا مۆمێنت مانای ئەوەیە کە شتێک بێتە خەیاڵت کە چارەی شتێ بکات) بۆیە گەڕامەوە سۆڵنا و ئەمجارە نزیکەی ١٢ وێنەی هەمان شوێنم گرت بەڵام هەر وێنەیەک بەشێکی دیاری کراو بوو لە شوێنەکە پاشان کە گەڕامەوە هەمویانم کردە یەک وێنە و شتێکی نایاب دەرچوو, دەتوانن لە خوارەوە بیبینن.